workshop 2


وۆركشۆپێك لەبارەی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئەنجامدرا

ئەمڕۆ (26ی نۆڤمبەری 2018)، لەچوارچێوەی هەڵمەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، بەشی باخچەی ساوایان لە كۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت، بە هاوكاری رێكخراوی فریاكەوتنی میللی (PAO) وۆركشۆپێكی ئەنجامدا.

وۆركشۆپەكە كە لە هۆڵی شێركۆ بێكەس بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە مامۆستایان و خوێندكاران بەڕێوەچوو، تێیدا هەریەكە لە (فریاد هیدایەت – لێپرسراوی نوسینگەی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە كەلار، ژیان عەدنان – لە رێكخراوی فریاكەوتنی میللی (PAO)، مامۆستا كەریم ئەحمەد عەزیز، م. سەیران محەمەد رەشید)ەوە، سیمینار پێشكەشكرا.

لە وۆركشۆپەكەدا ئەم بابەتانە خرانەڕوو:

"هۆشیاری تاك بەرامبەر بە كێشەكانی ناو خێزان و كۆمەڵگە"، كە لەلایەن (نقيب فریاد هیدایەت) پێشكەشكرا.

"پەرەپێدانی تواناكانی ئافرەت"، لەلایەن (ژیان عەدنان) پێشكەشكرا.

"ژنی كورد لە دیدی بیانییەكانەوە"، كە لەلایەن (مامۆستا كەریم ئەحمەد عەزیز) پێشكەشكرا.

"توندوتیژیی و كاریگەرییە دەروونییەكانی لەسەر ژنان"، لەلایەن (م.سەیران محەمەد رەشید) پێشكەشكرا.

ئامانجەكانی وۆركشۆپ:

1. بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری ئافرەتان و خوێندكاران بە ئەرك و مافەكانیان.

2. كاریگەرییەكانی توندوتیژی لەسەر لایەنی دەروونی ئافرەتان

3. رێنماییكردن و ئاراستەكردنی ئافرەتان بۆ بەگەڕخستنی تواناكانیان.

ئەنجامەكانی وۆركشۆپەكە:

1. تاڕادەیەكی باش ئافرەتان هۆشیارییان بەرامبەر بە مافەكانیان هەیە.

2. لەكاتی پێشێلكردنی مافەكانی ئافرەتان، لایەنە پەیوەندیدارەكان بەتایبەتیش بەڕێوەبەرایەتی بەرنگاربونەوەی توندوتیژی بەجددی دێنە سەر خەت بۆ پاراستن و سەلامەتیی ئافرەتان.

3. توندوتیژی چەندین كاریگەری نەرێنیی جیاواز لەسەر خودی ئافرەتان بەجێدەهێڵێت.


پێشنیارەكانی وۆركشۆپەكە: :

1. ئەنجامدانی وۆرك شۆپ و سیمیناری هاوشێوە لە ناو زانكۆ و دامەزراوە پەروەردەییەكانی تر بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری ئەندامانی كۆمەڵگە لەسەر پێشێلنەكردنی مافەكانیان و بەرنگاربونەوەی توندوتیژی.

2. ئەنجامدانی توێژینەوەی مەیدانی بە مەبەستی دەستنیشانكردنی هۆكارەكان و چارەسەری گونجاو بۆی.

3. بڵاوكردنەوەی پروشوری هۆشیاریی و رێنمایی زیاتر لە زۆربەی كاتەكاندا، نەك تەنیا لە چوارچێوەی هەڵمەتی 16 رۆژی بەرنگاربونەوەی توندوتیژیدا.