كار و چالاكى 1

هاوخەمیی و ناڕەزایەتی دژ بە رووداوی گیانلەدەستدانی سێوان و سێ منداڵەكەی


بەمەبەستی دەربڕینی هاوخەمی بۆ رووداوی گیانلەدەستدانی سێوان قادر و سێ منداڵەكەی، خوێندكارانی بەشی باخچەی ساوایان/كۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (27ی كانونی دووەمی 2018)، ژمارەیەك لە خوێندكارانی بەشی باخچەی ساوایان بە دروشمی "نا بۆ توندوتیژی" بە پۆشینی جلی رەشەوە بۆ چەند خولەكێك لەبەردەم بینای كۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت گردبوونەوە.

لەو گردبوونەوەیەدا، (پ.ی.د.كۆمار نعمت شوكت – راگری كۆلێجی پەورەردەی بنەڕەت) و هەریەكە لە سەرۆكی بەشەكانی (زمانی كوردی، باخچەی ساوایان، زمانی عەرەبی) و ژمارەیەك لە مامۆستایان ئامادەی بوون.

(م.ی.سەرحەد محەمەد سمین – سەرۆكی بەشی باخچەی ساوایان)، لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوەكرد، رووداوی دڵتەزێنی گیانلەدەستدانی دایكێك و سێ جگەرگۆشەكەی هەمووانی تووشی شۆك كرد و بەپێویستی زانی خێزانەكان بۆ چارەسەركردن و دەربازبوون لە كێشە و گرفتەكانیان، لەبری بەنابردنە بەر بەكارهێنانی توندوتیژیی، لەرێگەی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستانەوە كێشەكانیان یەكلاییبكەنەوە.

سێوان قادر تەمەن 23 ساڵ، دایكی سێ منداڵ بوو كە تەمەنیان لەنێوان 5 ساڵ و 3 ساڵ و مانگدابوو، لە ئێوارەی (16ی كانونی یەكەم) خۆی و هەر سێ منداڵەكەی بەهۆی ئاگرێكەوە لە ماڵیاندا لە چەمچەماڵ، بوونە قوربانی و گیانیانلەدەستدا.